دیلان هه‌ردی

مەزهەبییەکان لە کۆشکی سپیدا

ساڵی ٢٠٠٦، جۆن هاگ کتێبێک بڵاو دەکاتەوە کە تێیدا تیۆرییەکی کۆنی ئایینی زیندوو دەکاتەوە کە گوایە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل لە کتێبی “ئیستێر” کە کتێبێکی پیرۆزی جوولەکەکانە ئاماژەی پێکراوە. کتێبەکەی جۆن هاگ خێرا ٥٠٠ هەزار نوسخەی لێ دەفرۆشرێ و بۆ ماوەی چەند حەوتوو دەبێتە پڕفرۆشترین کتێبی ئەمریکا.ــــــبەرەی راستی مەسیحیی کە لە کۆمەڵێک لک و گرووپ پێک هاتووە، یەکێک لە ئەکتەرە بەرژەوەندخوازەکانی ئەمریکایە کە راستەوخۆ دەستێوەردان لە سیاسەتی دەرەوەدا دەکا. ئێڤانجێلیزم یەکێک لە لکەکانی ئایینی پڕۆتستانە کە لایەنگری تاکەکەسێتییە کە ئەوەش لەگەڵ لیبڕاڵیزمی ئەمریکی سازگارە. ئێڤانجێلیکەکان نوێنەرایەتیی بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئەمریکا دەکەن. بەرژەوەندیی ئەو گرووپانە لە سەر بنەمای ئایینییە و دەیانهەوێ بە دەستوەردان لە سیاسەتدا، حکوومەت لەگەڵ بیروباوەڕی خۆیان رێک بخەن. ئەو گرووپانە تایبەت بۆ دەستوەردان لە سیاسەت دروست بوونە و ژمارەیان زۆرە، بەڵام لە ناویاندا کۆمەڵێک گرووپی مەسیحی ـ زایۆنیست هەن کە دروستبوونی دەوڵەتی ئیسڕائیل دەبەستنەوە بە هاتنەوەی عیسای مەسیح. پشتیوانیی بەهێزی ئەمریکا لە ئیسڕائیل، بەشێکی پەیوەندی بە چالاکیی ئەو گرووپانەوە هەیە. بە پێتەخت ناساندنی قودس یان ئۆرشەلیم داوای لە مێژینەی ئەو گرووپانە بوو کە لە کاتی هەڵبژاردندا دۆناڵد ترامپ بەڵێنی پێ دابوون. مایک پێنس جێگری ترامپ، نوێنەری ئەو گرووپە مەزهەبییانەیە لە نێو کۆشکی سپی دا و لە لایەن ئەویشەوە دۆسیەی ئۆرشەلیم کاری لەسەر دەکرا. بەهێزترین گرووپی مەسیحی یان ئێڤانجێلیک لە ئەمریکا گرووپێکە بە ناوی « یەکیەتیی مەسیحییەکان بۆ ئیسڕائیل » (CUFI). ئەو گرووپە ساڵی ٢٠٠٦ لە لایەن کەسێکی ئایینی بە ناوی « جۆن هاگ »ـەوە دامەزراوە کە هاوکات بەڕێوەبەری تێلێڤیزیۆنێکی مەزهەبییە بە ناوی GETV. ئەو رێکخراوە لەسەر بناغەی رێکخراوێک بە ناوی « رێبەرانی مەسیحیی ئەمریکا » دامەزراوە کە ساڵی ١٩٧٥ دامەزرابوو.رێکخراوی CUFI خۆی وەکوو گەورەترین رێکخراوی لایەنگری ئیسڕائیل پێناسە دەکا کە زیاتر لە ٨ میلیۆن ئەندامی هەیە. بەر لە دامەزراندنی ئەو رێکخراوە. جۆن هاگ کتێبێک بڵاو دەکاتەوە کە تێیدا تیۆرییەکی کۆنی ئایینی زیندوو دەکاتەوە کە گوایە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل لە کتێبی “ئیستێر” کە کتێبێکی پیرۆزی جوولەکەکانە ئاماژەی پێکراوە. کتێبەکەی جۆن هاگ خێرا ٥٠٠ هەزار نوسخەی لێ دەفرۆشرێ و بۆ ماوەی چەند حەوتوو دەبێتە پڕفرۆشترین کتێبی ئەمریکا. جۆن هاگ داوا دەکا کە پێش ئەوەی ئێران هێرش بکاتە سەر ئیسڕائیل، پێویستە ئەمریکا و ئیسڕائیل هێرشی پێشوەختە بکەنە سەر ئێران. ئەوەش بە پلانی خودا ناو دەبا. دوای کتێبەکە هاگ خێرا رێکخراوی CUFI دادەمەزرێنێ. لە ئیدارەی جۆرج بووشدا، هاگ بەردەوام جەختی لە هێرش بۆ سەر ئێران دەکردەوە. ساڵی ٢٠٠٨، لە سەردەمی هەڵبژاردنەکاندا، رێکخراوی CUFI خرایە پەڕاوێزەوە، بە جۆرێک کە لە گەورەترین کۆبوونەوەی رێکخراوەکە لە واشنگتۆن، تەنیا سێ نوێنەری کۆنگرەی ئەمریکا بەشدار بوون، یەک لەو سێ کەسە مایک پێنس، جێگری ئێستای دۆناڵد ترامپ بوو. مایک پێنس تەنیا کەسێکە کە بە بەردەوامی و بە جدی لەو رێکخراوە دا چالاکە. مایک پێنس لە پێناسە کردنی خۆیدا، بیروباوەڕە ئایینەکەی بە پلەی یەکەم دادەنێ و دەڵێ کە لەپێشدا مەسیحییە، دواتر کۆنەپارێزە و بە پلەی سێهەمیش خۆی بە کۆماری دەزانێ. جان هاگ دەڵێ لە کۆبوونەوەیەکدا لە کۆشکی سپی، خۆی بە دۆناڵد ترامپی گوتووە کە ئۆرشەلیم شوێنێکی گرنگە و عیسای مەسیح لەوێوە دێتەوە سەر زەوی و دەسەڵاتەکەی دادەمەزرێنێ. ئەو گرووپە بە توندی دژی رێککەوتنی ئەتۆمی بوو و بە هەڕەشە بۆ سەر ئیسڕائیلی دەزانی.دوای بە دەسەڵات گەیشتنی دۆناڵد ترامپ، پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان رێکخراوی CUFI و حکوومەت دا دروست بووە، بە جۆرێک کە چەند مانگ دوای دەست بە کار بوونی حکوومەت، مایک پێنس بە شێوەی فەرمی لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی CUFI بەشدار بوو و بەڵێنی دا کە ئەمریکا چیتر ناهێڵێ ئێران هەڕەشە بێ بۆ سەر ئیسڕائیل و هەروەها ناهێڵێ ئێران پەرە بە چەکی ئەتۆمی بدا. بە گوتەی بەرپرسی بەشی ئیجڕائی CUFI، رێکخراوەکە لە پشت کۆمەڵێک بڕیار بووە کە لە لایەن کۆشکی سپییەوە دراون وەکوو : بڕیاری راگرتنی یارمەتی بە دەسەڵاتی فەلەستینی، ناساندنی ئۆرشەلیم وەکوو پێتەختی ئیسڕائیل و کشانەوە لە رێککەوتنی ئەتۆمی.هاوینی ساڵی ٢٠١٩، مایک پۆمپێیۆ وەزیری دەرەوە لەگەڵ مایک پێنس لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەو رێکخراوە بەشدار بوون. مایک پێنس رایگەیاند کە پشتیوانیی ئەمریکا لە ئیسڕائیل پشتیوانییەکی ئایینیە. مایک پۆمپێیۆش سپاسی خودای کرد کە ئەمریکا دۆستێکی وەکوو ئیسڕائیلی هەیە و راشیگەیاند کە ئەرکی ئەو وەکوو وەزیری دەرەوە، گواستنەوەی بەڵێن دەبێ بۆ کردەوە.لە رۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی لە لایەن ئەمریکاوە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠دا، دۆناڵد ترامپ خێرا خۆی گەیاندە کڵێسەیەک بە ناوی « King Jesus International Ministry Church » بۆ پێدانی مزگێنی کوشتنی قاسم سولەیمانی بە مەزهەبییەکان. ئامانجی سەرەکی ترامپ لەو سەردانە راکێشانی سەرنجی دەنگدەرە مەزهەبییەکان بوو، هەر بۆیە دوای ئەوەی باسی ئێران و تیرۆریزم و کوشتنی قاسم سولەیمانی کرد، هاتە سەر رەخنە گرتن لە دێموکراتەکان و بە خائین ناوی بردن و گوتی : « دێموکراتەکان هەوڵ دەدەن خودا لە سیاسەتدا وەلا بنێن و بەرنامە سۆسیال و دژە مەزهەبییەکانیان پیادە بکەن. ترامپ گوتی : کۆمەڵگا و نەتەوەی بێ خودا و بە بێ دین دەوام ناهێنن، چونکە چاکە و دادپەروەری و ئاشتی بە بێ دەسەڵاتی خودا سەر ناکەون ».