دووکەڵی جەستەم

سواری باڵی پەپوولە بوو….

سووک سووک لە دوندی چیا سەوزە سەربەرزەکان سەرکەوت

تا گەیشتە ئاستۆنی ئاسمان

بوو بە هەور

هێور هێور بوو بە باران

باری بەسەر بەستێن و بەژنی گوڵاڵەکان

بوو بە فرمێسکی ئاسمان بۆ ئەهوەنی ئارانی ئەرخەوان

دەبێ بە شەونم دوای شاڵاوی شەختەی شەوگاری شۆڕشگێڕی مۆتەی تاریکی

کە بەرو بەیان هێدی هێدی بە لەشی پشکوژێکی خەواڵوو دا دەچۆڕێ و لە خەوە خولیایەکی ڕادەچڵەکێنێ

دەبێ بە ڕێژنە باران دەبارێنێ بە سەر دارستان دادەمرکێنێ…..

کلپەی ئاگر و فێنک دەکاتەوە پشوی باڵندە و بێچولەکان

من کە چوار دانگی لەشم بەخشی و مست مست ڕۆحم بە حەوا دا بۆ سەمای سروشت و دارستان….

چاوەکانم بوون بە دیدەوان لە بەرزترین کەژی کوردستان

دەستەکانم بوون بە ئاڵا لە گشت سەیرانگاکان بوون بە تابڵوی پاڕانەوەی گەشتیاران…..

پێیەکانم بوون بە قەڵغان بۆ سنووری هەدانەدان تا وڵاتی بێ ناونیشان بۆ پەرژینی بەڵندەکان

بەڵام دڵم……

ئەو دیلی خۆشەویستی وڵاتەکەم

دەری دێنم لە پاڵ گشت دارو چیا و گوڵ و ئەشکەوت و کانی و تاڤگە و ڕووبار و ڕەوەز وەکوو نەمام دەینێژم دەچەقێنم

نایمرێنم نایژاکێنم چۆن ئەو لە ژوانگەی ژینگە ژیر دەبێتەوە……

بە سترانی بولبول دەسرەوێتەوە….

بە گروگاڵی خاسەکەو و گمەی کۆتر و بە دیلانی گوڵزار دەحەوێتەوە….

شاباڵی ڕۆحم لە شەقەی باڵی دا

شکۆی شاخستان شەڵاڵی کرد و نەغمەی ئاوازی ژینی شەهیدانی گڕگرتووی نیشتمان

ئاویتەی دیاردەی ئەم چەمکە بوو

قەڵەم دەچەمێتەوە و منیش چەمەدانی چڕینی ئەم چەپگەرە چەتوونە بەو چەشنە دەپێچمەوە