بانگەواز

کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی کوردستان بانگەوازێکیان ڕوو لە خەڵکی کوردستان و ڕای گشتیی جیهان بڵاو کردەوە
لەو بانگەوازەدا هاتووە :
خەڵکی بەشەرەفی کوردستان!
هاووڵاتییانی ئازادیخوازی ئێران!
ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان و بەرپرسانی وڵاتانی جیهان!
جارێکی دیکە ڕێژیمی ئێران، بە پیشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ و سەرکوتی هاووڵاتییانی کورد و لە دڕێژەی ڕەشبگیرییەکانی ئەم دواییانەدا زیاتر لە ١٠٠ هاووڵاتیی کوردیان بە بێ‌هۆکار دەسبەسەر کردووە و شەپۆلی دەسبەسەرکردنی نووسەران، هونەرمەندان، لە ناوچەکانی کوردستان و شێوازی دەسبەسەرکردنیان، باس لە سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ ئازار وئەشکەنجەی خەڵکی کوردستان بە گشتیی دەکا و بێدەنگ‌بوونی کۆمەڵگەی جیهانی، ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان و بە تایبەتیی بێدەنگیی بەرپرسانی وڵاتانی جیهان لە ئاست ئەم سەرەڕۆیی و سەرکوت و دەسبەسەرکردنانەدا، دەبێتە هۆی ئازار وئەشکەنجەی دەسبەسەر کراوان لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە.
لەبەرەبەرەی ٤٢هەمین ساڵی دەسەڵاتداریی کۆماری نگریسی ئیسلامیی ئێران، خەڵکی کوردستان لە هەمبەر ئەو هەموو زۆڵم و زۆر و ستەمەی کە ئەو ڕێژیمە دەرحەق بە خەڵکی کوردی کردووە، خەڵکی کوردستان و چالاکانی مەدەنی داواکاری یەکگرتوویی هەموو هێز و ناوەندە مافی مرۆیی و مەدەنی و فەرهەنگی و سیاسیی کوردستان، هێزە سیاسییەکانی کوردستان و هەروەها پشتیوانیی دەوڵەتانی جیهانن بۆ کۆتایی پێهێنانن بە دەرد و ئازارەکانی خەڵکی کوردستان.
ئەوەیکە لە ماوەی ٤٢ ساڵی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەرپرسانی سەرەڕۆی ڕێژیم بەدیارییان بۆ خەڵکی کوردستان هێناوە، پێشیلکردن مافەکانی مرۆڤ، ئازار، ئەشکەنجە و لە سێدارەدانی خەڵکی ئازادیخوازی کورد و تواندنەوەی فەرهەنگ و داب و نەریتەکانی کوردستان بووە.
لە کاتێکدا کە خەڵکی کوردستان، ڕووبەڕووی هەڵاواردنێکی ئایینیی و فەرهەنگی و سیاسیی و ئابووری، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بوونەتەوە و هەڕەشەکانی بەرپرسانی رێژیمی ئێران بۆ سەرکوت و دەسبەسەرکردنی خەڵکی ناڕازیی کوردستان، نەتەنیا نابێتە هۆکار بۆ ئەوەیکە خەڵکی کوردستان لەهەمبەر ویست وداخوازییەکانییان بێ دەنگ نابن، بەڵکوو ئیرادەیەکی پۆڵایی لەخەڵک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامیی ئیران، لە هەمبەر ئازارو ئەشکەنجەی خەڵکی کورد پێکدێنێ.
دەسبەسەرکردنی نووسەران، شاعیران، هونەرمەندان، چالاکانی مەدەنی و ژینگە پارێز، لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە ئاماژەیە بۆ ترسی ڕێژیمی ئێران لە پێگەیشتووی وتێگەیشتووی لاوان و گەنجانی کوردستان، کە چیدیکە ئیزن بە دەسەڵاتدارانی دز و گەندەڵی ڕێژیمی ئێران نادەن وزەی خەڵکی کورد لە ناو ببەن.

هەرم بەپێیە ئێمە کۆمەڵیک لە چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگیی کوردستان، شەپۆلی دەسبەرکردنەکان و ئازار و ئەشکەنجەی دەسبەسەرکراوان مەحکووم دەکەین و دوا لە هەموو خەڵکی کوردستان وئێران دەکەین ئەم کارە قیزەونەی ڕێژیمی ئێران مەحکووم بکەن و هەروەها داوا لە هەموو ڕێکخراوە مافی مرۆییەکانی جیهان، بەرپرسانی هەموو وڵاتانی جیهان دەکەین ڕووبەڕووی ئەم کردەوانەی ڕێژیمی ئێران ببنەوە و ئەو کردەوە دژە مرۆییەی ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر خەڵکی کوردستان بەگشتیی مەحکووم بکەن.
لەدواییدا داوا لە هەموو خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دەکەین کە بۆ پاراستن و ڕزگارکردنی گیانی دەسبەسەرکراوانی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، بەمانگرتنێکی گشتیی وەکوو داخستنی شوێنی کارەکانمان، نەچوون بەدوای بانگەوازەکانی بەرپرسانی حکوومەتی و مەحکوومکردنی شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا ناڕەزایەتیی بەرفراوانی خەڵکی کوردستان لە هەمبەر شەپۆلی سەکوت و دەسبەسەرکردن لە کوردستان دەرببڕین و بە مانگرتنێکی گشتیی لە سەرتاسەری کوردستاندا جارێکی دیکە یەکیەتی و هێزی خۆمان بە دۆست و دوژمن نیشان بدەین.