نەتەوە یەکگرتووەکان

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئێران 16 ملیۆن دۆلار قەرزدارە، کە پارەی دوو ساڵی مافی ئەندامێتییە لە رێکخراوەکەدا. سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: گەمارۆکان رێگرن لە بەردەم پێدانی ئەو پارەیە و دوایین پێشنیازیان ئەوە بووە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان قەرزەکە لەو پارەیەی ئێران بگێڕێتەوە، کە لە کۆریای باشوور بلۆککراوە. بەگوتەی بەرپرسانی ئێران، کۆریای باشوور زیاتر لە 7 ملیار دۆلار پارەی نەوتی ئێرانی بلۆککردووە، لە چەند مانگی رابردوودا ئێران زۆری هەوڵیدا بەشێک لەو پارەیە ئازادبکرێ، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. بەپێی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەگەر وڵاتێک دوو ساڵ لە دوای یەک پارەی ئەندامێتی نەدا، مافی دەنگدانی لێوەردەگیرێتەوە. بەپێی نامەیەک، کە  ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ولکان بوزکەر، سەرۆکی 75ەمین کۆڕبەندی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی ناردووە، ئێران 16 ملیۆن و 251 هەزار و 298 دۆلار قەرزداری نەتەوە یەکگرتووەکانە.