کتێبی” ژنی کورد داوێنەکەی خۆی دوژمنیەتی” لە نووسینی ژنە نووسەری کورد “نەسیم قادرپوور” چاپ و بڵاو کرایەوە.
نەسیم قادرپوورخەڵکی شاری بانە و دانیشتووی وڵاتی فەرانسەیە کە کاری نووسین و ڕۆژنامەوانی دەکات.
ئەو کتێبە لە دوو تەوەر پێکهاتووە، تەوەری یەکەم باس لە قۆناغی خۆناسینی کچان دەکا کە لە تەمەنی ۹ تا ۱۴ ساڵی دەست پێدەکا و قۆناغێکی زۆر هەستیارە بۆ کچان لەو تەمەنەدا .
تەوەری دووهەمی کتێبەکە باس لە کوشتنی ئەو ژنانە دەکا کە ڕەدووئەکەون یان هەڵئەگیرێن. کوشتنی ئەو ژنانە کە ڕەدووئەکەون بەشێکی زۆریان ئەکەوێتە سەر کۆمەڵگە و دواتر بنەماڵە کە بە ناوی شەرەف یا لە سەر قسەی خەڵک،دەستیان بە خوێنی کچەکانیان سوور دەبێ و دوای ئەوەش پەنجەی پەشیمانیان دەگەزن.
نووسەر دەڵێ: ئامانج لە نووسینی ئەو کتێبە زۆرتر بۆ ئاشنا بوونی دایک و باوکان بەو قۆناغەیە و هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و بنەماڵەکانە کە کاتێک کچەکانیان لەگەڵ قۆناغێکی وا بەرەوڕوو دەبن چۆن هەڵسوکەوت بکەن.
نەسیم قادرپوور تا ئێستا ۵ کتێبی بڵاوکردۆتەوە کە بریتین لە “بە سروەیەک بڵێسەی مۆمێک خامۆش، وەرزی فڕینی کەوەکان، مروارییەکانی پێشمەرگە لە شەوەزەنگی داعشدا.
کتێبێکی مێژوویی ناوبراو لەسەر شەڕەکانی داعش کە لە دوو بەرگ پێکهاتووە بە ناوی “مروارییەکانی پێشمەرگە لە شەوەزەنگی داعشدا” پاش هەوڵێکی زۆر و بۆ ماوەی سێ ساڵ لە گەرمەی شەڕی داعش لە سەنگەرەکانی پێشەوەی شەڕی پێشمەرگە و داعشدا بووە.

(( کتێبەکەی نەسیم))

ئەم کتێبەم بە زەحمەتێکی زۆر تەواو کرد، لە کەمپ نوسیم، بە مۆبایلێکی شڕۆڵە…هەموو دەنگەکانم لە کوردستان لە ژنان وەرگرتوە نزیک بە هەزار دانە وەیسم وەرگرتبوو..هەموویانم دانەدانە گوێ گرتووەو دامڕشتۆتەوە کارێکی ئاسان نەبوو لەگەڵ ئەوەی زۆر بێ ئیمکانات بووم، تەنانەت شوێنی دانیشتنەکەم زۆر ناخۆش بوو …هەموو کارەکانیم بە شەو کردوە ،شەوان تا بەری بەیان نەئەخەوتم، بەهۆی ئەوەی کەمپ دەنگە دەنگی زۆر بوو نەم ئەتوانی بەڕۆژ کاری لەسەر بکەم شەوان دنیا بێدەنگ بوو بۆ کارکردن ئاسودە بووم،بە شەو نەئەخەوتم بەهۆی نوسینەوە بەڕۆژیش کەمپ هێندەی دەنگە دەنگ بوو نەم ئەتوانی بخەوم بە باشی..ئازارێکی زۆری بوو بەڵام دواجار سەرکەوتم… کتێبەکەم شایانی ئەو ئازارە بوو بۆی بکێشم لەبەر ئەوەی بابەتێکی زۆر بە پێزە لەسەر ژنان کە تا ئێستا باسی لێ نەکراوە…بە هەموو ئازارەکانییەوە دڵخۆشم کە جارێکی تریش توانیم خزمەتێک هەرچەندە بچووک و کەمیش بێت بیکەم بە گەلەکەم و ژنانی نیشتمانم…سپاس بۆ هەموو ئەو ئازیزانەی هەر کام بە جۆرێک هاوکارو پاڵپشتم بوون بۆ سەرکەوتنم… هەرگیز محەبەتتان لە یاد ناکەم…سپاس بۆ خانەوادەکەم کە هەمیشە وەک کێو بە پشتمەوەن وەک سێبەر بەسەر سەرمەوەن من بە هێزی ئەوانە کە سەرکەوتوم…نەسیم قادرپور