مهاباد قه‌ره‌داغی نووسه‌ر و شاعیر، چالاكوانی كورد ڕۆژی هه‌ینی به‌ نه‌خۆشیی كۆچی دواییكرد. مهاباد قه‌ره‌داغی هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر به‌ هۆی نه‌خۆشكه‌وتنیه‌وه‌ گواسترابووه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ و به‌ هۆی كاریگه‌ری نه‌خۆشییه‌كه‌یه‌وه‌ڕۆژی هه‌ینی (9ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2020)، له‌ ته‌مه‌نی (54) ساڵیدا كۆچی دواییكرد. مهاباد قه‌ره‌داغی له‌دایكبووی (1966)ی شارۆچكه‌ی “كفری” له‌ باشووری كوردستان بوو. ئه‌و یه‌كه‌م كۆمه‌ڵه‌ شیعری خۆی له‌ (1980) بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. له‌ نێوان ساڵانی (1980 – 1981) له‌ لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌. له‌ (1983)دا روویكردووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و له‌ سوید گیرساوه‌ته‌وه‌، له‌ بواری میدیا، شیعر، ئه‌ده‌ب، پرسه‌كانی توندوتیژی، مافی ئافره‌تان، كاری كردووه‌ و چه‌ندین به‌رهه‌می چاپ و بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. له‌ رابردوودا بۆ ماوه‌یه‌ك راوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بووه‌، بۆ كاروباری ئافره‌تان. سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری “شكار” بوو، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ پرسه‌ جێنده‌رییه‌كان و مافی ئافره‌ت. چه‌ندین به‌رهه‌می چاپكراوی له‌ شیعر و چیرۆك و رۆمان له‌ دوای خۆی به‌جێهێشتووه‌.