وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ماوەی چەندین ساڵە “رژێمی ئێران” و فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بەشێوەیەکی خراپ سوودیان لە عێراق وەرگرتووە بە مەبەستی بەرەو پێشبردنی بەرژەوەندییەکانیان لەسەر حسابی خەڵکی عێراق.

فەیلەقی قودس سەرەکیترین ئامرازی ئێرانە بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە و هەنگاوەکانی فەیلەقی قودسیش بەردەوامن لەوەی ئاسایش، سەروەری و خۆشگوزەرانی عێراق لاوازبکەن.  

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، ئەمڕۆ واشنتن هەنگاوێکی دیکە دەنێت بە مەبەستی پاراستنی خەڵکی عێراق لە کاریگەرییە خراپەکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، ئەوەش لە رێگەی سزادانی ئیرەج مەسجیدی، ژەنەڕاڵی باڵای فەیلەقی قودس لە عێراق،

کە لە هەمانکاتیشدا باڵیۆزی ئێرانە لە عێراق.  بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مەسجیدی بۆ ماوەی چەندین ساڵ یارمەتیدەر بووە بۆ ئاراستەکردنی کارەکانی فەیلەقی قودس لە عێراق،

لەوانەش راهێنان و پێشکەشکردنی پاڵپشتی بە “گرووپە میلیشیا عێراقییەکان” و کارئاسانیکردن بۆ مامەڵەی گەورەی دارایی کە فەیلەقی قودس تێیاندا بەشداربووە.