ئەستێرە

شەو نەبوو نەشکێ دڵم، نەگریم بە دەرد و ژانەوە
هەر لە ئەستێرەم ڕوانی و یەک بە یەک کووژانەوە

من لەگەڵ فرمێسکی گەش هاتم پەژارەم هەڵوەراند
بوو بە ڕیحانەی ڕەش و بۆم هاتە نێو گوڵدانەوە

خوێنی دڵ بۆنی غوباری ڕێی غەریبیی لێ دەهات
چەشنی ئاسک چونکە وێڵ بوو بەو دەر و دەشتانەوە

ڕۆژگارێکە کە من هەر چاوەڕوانی تۆ دەکەم
خۆش نییە بمرم لە ڕێت، بەو چاوی چاوەڕوانەوە

دڵ بەوەش ڕازی دەبوو یەک ئاهی گەرمی تێ گەڕێ
هاتە سەر لێو، گەییە ئاھ، ڕۆیی بەدەم زریانەوە

پێی بڵێن بێ، شاری شیعرم پڕ لە شێوەی شیرنە
چی دەکا فەرهاد ئاخر بەو کەژ و کێوانەوە؟

ناسری حیسامی
……………………..
سپاس بۆ هونەرمەندی هێژا خاڵۆ وەسمان کە ئەو تابلۆیەی بۆ شیعرەکە کرد